فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک پلانی ئەمنیی نوێی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی سنووری پارێزگاکە لە ڕێگەی کاراکردنی هێزە هاوبەشەکان لەگەڵ پێشمەرگە خستە ڕوو، و بڕیاریشی دا بە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە بازگەکاندا.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، مەعد بدای، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک، جەختی لە ئاستی بەرزی هەماهەنگیی سەربازیی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە و ڕایگەیاند، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر مەترسی و جووڵەیەکی پاشماوەکانی گرووپە تێرۆریستییەکان، یەکە سەربازییە هاوبەشەکان لە ناوچەی ئەلتماس و چەند ناوچەیەکی تری سنووری پارێزگاکە بڵاوەیان پێ دەکرێت.
لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان باسی لە کێشەی بازگە ئەمنییەکانی ناوخۆ و دەوروبەری کەرکووک کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ڕێکاری نوێ دەگیرێتە بەر بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و بارهەڵگرەکان، بە چەشنێک کە هاوسەنگی لە نێوان ئاسانکاریی هاتوچۆ و پاراستنی دۆخی ئەمنیدا ڕابگیرێت.