بڕیارە ئەمڕۆ سەلجوق مزراکڵی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە، لە زیندانی ئێدیرنە ئازاد بکرێت و دوای ئازادبوونیشی بەرەو باکووری کوردستان بەڕێ بکەوێت.
بەپێی زانیارییەکان، مزراکڵی لە کاتی ئازادبوونیدا چەند دیدارێکی فەرمی و جەماوەری دەبێت؛ سەرەتا سەردانی گۆڕی سڕی سورەیا ئۆندەر، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی شاندی ئیمڕاڵی دەکات، و دواتر لە نەخۆشخانە چاوی بە ئیسماعیل بێشکچی، نوسەر و کۆمەڵناسی ناسراو دەکەوێت.
پاش تەواوبوونی ئەم دیدارە، ناوبراو دەگەڕێتەوە ئامەد و چاوەڕوان دەکرێت بە شێوەیەکی بەرفراوان و جەماوەری پێشوازیی لێ بکرێت.
سەلجوق مزراکڵی، کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە سیڤەرەک لەدایک بووە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩دا بە هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەشارەوانیی ئامەد هەڵبژێردرا، بەڵام دوای تێپەڕینی تەنیا پێنج مانگ بەسەر پۆستەکەیدا، لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە قەیووم لە شوێنەکەی دانرا و لە هەمان ساڵدا بە تۆمەتی "ئەندامبوونی ڕێکخراو" دەستگیر کرابوو.