ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی مەرجی بەستراوە بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە و دەبێت زەمینەی کارکردن و دیدارەکانی بە تەواوی بڕەخسێنرێت.
مستەفا قەرەسو، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی فورات نیوز، تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری و جەختێ لەوە کردەوە کە "هیچ پرۆسەیەک بەبێ ئازادیی جەستەیی ئۆجەلان ناگاتە ئەنجامی کۆتایی."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، قەرەسو سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا کە دەرچوواندنی یاسای چوارچێوە هەنگاوێکی سەرەتاییە، بەڵام بە تەنیا بەس نییە و نابێت پرۆسەکە تەنیا لە چەکداناندا قەتیس بکرێت، بەڵکو دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ دیموکراسییەت و چارەسەری بنرێت.
هاوکات داوای کرد دەرفەت بدرێتە ئۆجالان تاوەکو دیدار لەگەڵ چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، سیاسییەکان و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر چەشنە پروپاگەندە و پەراوێزخستنێک بگیرێت.
لای خۆیەوە، ئەندامەکەی کەجەکە ئاماژەی بە دۆخی پێکهاتەکانیش کرد و ڕەخنەی لە هەڵوێستە نەرێنییەکان بەرامبەر بە باوەڕی ئەلەوی گرت، جەختیشی لەوە کردەوە کە بەرژەوەندیی عێراق لەوەدایە دانی نا بە مافەکان، خۆسەری و سیستەمی خۆپاراستنی ئێزدییاندا و ڕێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵیاندا واژۆ بکات.