ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی ئازادی گەلان (دەم پارتی)، کاردانەوەی بەرامبەر بە بلۆککردنی ژمارەیەکی زۆر لە ئەکاونتی سۆشیال میدیای ڕۆژنامەنووسان، نووسەران، ئەکادیمیانی ئاشتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا نیشان دا و ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارانە لە ژینگەیەکدا کە باسی ئاشتی و دیموکراسی دەکرێت، قبووڵ ناکرێن.
دۆغان لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە دا کە تەنیا چاودێرێکیش دەتوانێت تێبگات کە ئامانجی ئەو ڕووداوە تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتییە؛
جەختیشی کردەوە کە لە ژینگەیەکدا کە جەمسەرگیری قووڵتر دەبێتەوە، پشتیوانیکردن بۆ پرۆسەی ئاشتی تەنها لە ڕێگەی بەهێزکردنی دیموکراسییەوە دەکرێت و ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن دەستوەردانێکی جددییە لە ئازادیی ڕادەربڕین.