هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە باکوری کوردستان باسی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە کرد و ڕایگەیاند، ئەم پرۆژە یاسایە بۆ دەستپێکی پرۆسەکە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام لەبەرئەوەی تەنها لەسەر چەکدانان بنیات نراوە، کەموکورتی هەیە.
جیهان ئایدن ڕاشیگەیاند، بۆ ئاشتییەکی بەردەوام دەبێت ئەم یاسایە بە چاکسازیی یاسایی، کارگێڕی و سیاسی پشتگیری بکرێت، هەروەها پێویستە یاساکە بەبێ جیاوازیکردن لە نێوانیاندا، سەرجەم هێز و چەکدارەکان بگرێتەوە.
جیهان ئایدن ئاماژەی بەوەش کرد، بەستنەوەی چوونە بواری جێبەجێکردنی یاساکە بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، مەترسیی درێژبوونەوەی پرۆسەکە دروست دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت سنوورێکی دیاریکراوی یەک یان دوو مانگی دابنرێت.
دەشڵێ، ئەم یاسایە دەستپێکێکە و بە تەنها کێشەی کورد چارەسەر ناکات. بۆ مافە بنەڕەتییەکانی وەک پەروەردە بە زمانی دایک، هاوڵاتیبوون و خۆبەڕێوەبەرییە خۆجێییەکان، گۆڕانکاریی دەستووری و یاسای نوێ پێویستن.