فێستیڤاڵی هاوینەی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان لە پارکی ئازادی بە بەشداربوونی 200 کۆمپانیای بازرگانی، دامەزراوەی هونەری و جۆراوجۆر، کە لە سوریا و چینەوە بەشدار بوون، بەڕێوەدەچێت و پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
لە هۆڵی میهرەجانەکەدا، هونەری کچە گەنجێک بە ناوەی جیهان عەلی عەبدولغەفور، سەرنجی خەڵکی ڕاکێشاوە، جیهان لە پارچە پەڕۆ و مووری و تەختە و سیرامیک و ئاسن و کاغەز، هونەری جوان و سەرنجڕاکێشی دروستکردووە. زیاتر لە هەموو شتێک تابلۆکانی شاماران بە ڕەنگ و شێوازی جیاواز کێشراون، کە سەرنجی هەموو کەسێک بەرەو خۆیان دەبەن.
هەروەها منداڵێک بە ناوەی بێرین ئازاد حەسەن تەمەن 10 ساڵ، بچووکترین بەشداربووی فێستیڤاڵەکەیە، بێرین ئەو هونەرانەی لە مووری دروستی کردوون، نمایش کردووە و دەڵێ: ماوەی دوو ساڵە کاری دەستی دەکەم، لە دایکمەوە فێر بووم. لە سەرەتادا ڕووبەڕووی زەحمەتی بوومەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات فێر بووم و بە تەنیا دروستم کرد.