شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ زمانی کوردی بۆ سیستەمی پەیوەندییەکانی سەنتەری چارەسەری (ALO 153) کۆمپانیاکەی زیاد کرد، کە پێشتر تەنیا بە زمانەکانی تورکی، ئینگلیزی و عەرەبی خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکرد.
جەبار باریش، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، زیادکردنی زمانی کوردی بۆ سیستەمی خزمەتگوزارییەکان هەنگاوێکی گرنگ و بەنرخە، بەڵام بە تەنیا بەس نییە و پێویستە زمانی کوردی لە تەواوی کەرتە گشتییەکاندا ببێتە زمانێکی فەرمی.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی شارەوانیی گەورەی ئەستەنبوڵ ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی شەش ملیۆن کورد لە شاری ئەستەنبوڵ دەژین، لەبەر ئەوە نەبوونی زمانی کوردی لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی شارەوانیدا تاوەکو ئێستا وەک کەموکوڕییەکی گەورە ئەژمار دەکرا.
جەبار باریش جەختی کردەوە، زمان و ناسنامە مافێکی سەرەتایی و مرۆییە و پێویستە پرسی زمان لە چوارچێوەی سیاسی دەربکرێت و وەک مافی مرۆڤ و کلتوریدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی شارەوانیی ئەستەنبوڵ داواشی کرد، هەنگاوەکانی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە بنکەکانی باخچەی منداڵان و خولەکانی ڕاهێنان و ناوەندەکانی دیکەی سەر بە شارەوانیی ئەستەنبوڵیش جێبەجێ بکرێن تاوەکو ببنە بنەمایەک بۆ بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان.