گۆڕستانی "شەهید بنەڤش"ی گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە گوندی بەسرەتی سەر بە هەرێمی چیای گابار لە شڕنەخی باکووری کوردستان، لەلایەن سەربازانی سوپای تورکیاوە تێکدرا و چەندین بەردی گۆڕ کە ناوی شەهیدانی لەسەر بوو، شکاوندراون.
بەپێی ئەو دیمەنانەی کە ئاژانسی مەزۆپۆتامیا بڵاوی کردووەتەوە، لە گۆڕستانەکەدا کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٤ بۆ ناشتنی ئەو گەریلانەی پەکەکە دروست کرابوو کە لە شەڕەکاندا گیانیان لە دەست داوە، زیانێکی زۆر گەیەندراوە بە بەردی گۆڕەکان. ئەم گۆڕستانە پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن سەربازانەوە بە هێرشی ئاسمانی و زمینی بۆردومان و تێکدرا بوو.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشەکە، کەسوکاری شەهیدان و خێزانەکانی ناوچەکە ناڕەزایەتی و پەرچەکرداری تووندیان بەرامبەر بەم ڕووداوە نیشان دا.