گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) لەبارەی هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتییەوە ڕایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە پێویستە هەنگاوی فەرمی بنرێن و پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجالان وەک هەماهەنگیکاری چەکدانان و بەسیاسیبوون قبوڵ بکرێت.
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، لە پەیامێکدا دەربارەی هەنگاوی دووەمی پڕۆسەی چارەسەری و جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە، داوای کرد کە ئەو لیژنانەی لەژێر سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆمار پێکهێنراون، بەرنامە و خشتەی کاتیی خۆیان بە شێوازێکی ڕوون لەگەڵ ڕای گشتیدا بەش بکەن.
گوتەبێژی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە بۆ هەماهەنگیی نێوان چەکدانان و سیاسەتی دیموکراتی، عەبدوڵڵا ئۆجالان کارەکتەری سەرەکییە، هەربۆیە پێویستە دەرفەت بدرێت کە ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەکی واقیعی دەنگی خۆی بگەیەنێت. لە کۆتایی پەیامەکەشیدا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووری بەبێ هیچ مەرجێک لە تورکیا جێبەجێ بکرێن.