کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە چەندین شاری باکووری کوردستان، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی چالاکییە هەفتانەیییەکانیان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی قوربانیان، باسیان لە پڕۆژەیاسای چوارچێوە کرد کە ڕەوانەی پەرلەمانی تورکیا کراوە.
کەسوکاری بێسەروشوێنکراوان پێشوازییان لە پڕۆژەیاساکە کرد، بەڵام جەختیان کردەوە، کە بۆ کۆتاییهێنان بە بێ سزا دەرچوونی تاوانباران و دادگاییکردنی بکەرانی ئەو تاوانانە، پێویستە هەنگاوی ڕاستەقینە و بوێرانەتر بنرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و کەسوباری بێسەروشوێنکراوان بە دروشمی (با بێسەروشوێنکراوان بدۆزرێنەوە و تاوانباران دادگایی بکرێن) گرتبوونەوەی هەفتانەی خۆیان لە ئامەد، باتمان و جۆلەمێرگ بەڕێوە برد.
ئامەد: هەفتەی 913ی چالاکییەکان
لە پارکی کۆشۆیۆلووی ئامەد و لە بەرامبەر مۆنۆمێنتی مافی ژیان، چالاکیی ئەم هەفتەیە بە ئامادەبوونی کەسوکاری قوربانیان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەڕێوە چوو.
تاهیر ساچاکلی، بەرپرسی هەرێمیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، دەربارەی پرۆسەی چارەسەری و یاسای چوارچێوە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پێویستیی ئاشتی، سەرەڕای کەم و کوڕییەکان، دەرچوونی یاساکە بە ئەرێنی دەبینن. ناوبراو جەختی کردەوە، ئەمە ڕێگەیەکی درێژخایەنە و دەبێت سیاسەتی سزا نەدان کۆتایی پێ بێت و کۆمیسیۆنەکان تەواوی تاوانباران بدۆزنەوە و برینی دایکانی قوربانیان سارێژ بکەن.
باتمان: هەفتەی 749ی داواکاریی دادپەروەری
لە شەقامی گوڵستانی شاری باتمان، داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی عەبدولڕەحیم دەمیر (22 ساڵ) کرا، کە لە 17ی ئابی 1995 لە ڕێگەی قۆسەر ــ وێرانشار لە ناو پاسێکدا لە لایەن جەندرمەوە هێنرایە خوارەوە و بێسەروشوێن کرا. زانا یوکسەل بۆزکورت، لە بەڕێوەبەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ جەختی کردەوە، بێدەنگبوون هەڵوێستێکی سیاسییە کە تاوانباران دەستکراوەتر دەکات، بۆیە ئەوان لە بەدواداچوون بۆ ڕاستی و دادپەروەری بەردەوام دەبن.
جۆلەمێرگ: هەفتەی 239 لە گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا
لە گەڕەکی سەنەتی شاری گەڤەر (یۆکسەکۆڤا)، ئامادەبووان وێنەی قوربانیانی تاوانە نادیارەکانیان بەرز کردەوە و داوای ئاشکراکردنی کەیسی میتین قیراتلی (تەمەن 10 ساڵ)یان کرد، کە لە 18ی نیسانی 1992 بە تەقەی هێزە سەربازییەکان گیانی لەدەست دا. سیبەل چاپراز، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە جۆلەمێرگ جەختی لەوە کردەوە، سیاسەتی داپۆشینی تاوانەکان تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و داوای ڕاگرتنی کرد.