کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر خێزانە گەڕاوەکانی سەرێکانی بە مەبەست و پلاندانراو بوون، و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دەستوەردانی بەپەلە بکات.
کەنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو هێرشانە بە ئاگاداری و پەسەندکردنی کاربەدەستانی دیمەشق ئەنجام دراون، لە کاتێکدا بەپێی لێکتێگەیشتنەکان دەبوو حکومەتی کاتیی سووریا هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی ماڵ و موڵکی کۆچبەران و دوورخستنەوەی کەسانی بیانی لە شارەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان گوتار و کردەوەکانی دیمەشقدا هەیە، چونکە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤیان داببوو.
لە کۆتاییدا، کەنەکە داوای دەستوەردانی بەپەلەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆ کۆچبەران، و بانگەوازیشی ئاراستەی هەموو گەلی کورد، لایەن و ڕێکخراوەکانی کوردستان کردووە کە دەنگی خۆیان هەڵبڕن و بە هەموو شێوەیەک خاوەندارێتی لە کۆچبەران و خەڵکی ڕۆژاڤای کوردستان بکەن.