مەهدی زانا، سیاسەتمەداری دیاری کورد و سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد کۆچی دوایی کرد. بڕیارە تەرمەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە گۆڕستانی یەنی کۆی لە شاری ئامەد بەخاک بسپێردرێت.
مەهدی زانا لە 20ی کانونی یەکەمی 1940 لە شارۆچکەی فارقینی سەر بە پارێزگای ئامەد لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. هاوسەری لەیلا زانا، پەرلەمانتاری دیاری کورد و برای شوکران زانا پەرلەمانتاری پێشووی دەم پارتی بوو.
مەهدی زانا لە ساڵی 1963 پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی تورکیا کردووە و ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە دامەزراندنی لقی فارقینی ئەو پارتە، هاوكات یەکێک بووە لە بەڕێوەبەرانی ڕێکخراوی ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات (DDKO). لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ساڵی 1978دا، وەک کاندیدی سەربەخۆ بووە سەرۆکی شارەوانیی ئامەد.
دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلوولی 1980 لە تورکیا، مەهدی زانا دەستگیرکرا و لە زیندانەکانی ئامەد، ئایدن، ئافیۆن و ئەسکی شەهیر ڕاگیرا، کە بە کۆی گشتی لە قۆناغە جیاوازەکاندا 16 ساڵ لە ژیانی لە زیندانەکاندا بەسەر برد. دواتر لە ساڵی 1994 بۆ ماوەی 10 ساڵ چووە وڵاتی سوید و لە تشرینی یەکەمی 2004 گەڕایەوە بۆ تورکیا.
مەهدی زانا نووسەری چەندین پەرتوک و بەرهەمە لەبارەی ژیان، بیرەوەرییەکان و دیدگای سیاسیی خۆی، لەوانە "چاوەڕێ بە ئامەد" (1991)، "لە زیندانەکانی ئامەدەوە" (1992).