سەلجوق مزراکلی، هاوشارەوانیی پێشووی گەورەشارەوانیی ئامەد، لە یەکەم لێدوانیدا دوای ئازادکردنی، ڕایگەیاند کە هیچ جۆرە دژایەتی یان ڕکابەرییەکی سیاسی لە نێوان سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بوونی نییە و هەردوولا خوازیاری ئاشتین.
مزراکلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پلاتفۆرمی (T24) و لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووس جاندان یڵدیز، ئاماژەی بەوە دا کە دوای دەرچوونی لە زیندان، لەلایەن زۆرێک لە پارتە سیاسییەکانەوە پەیوەندیی پێوە کراوە و جەختی کردەوە: "پێویستە ڕێگاکانی دانوستان لە سیاسەتدا هەمیشە کراوە بن، چونکە داخستنی دەرگای دانوستان تەنها گرژی و جیاکاری بەهێزتر دەکات."
سەبارەت بە هەواڵ و لێکدانەوەکان لەسەر دۆخی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، مزراکلی ڕایگەیاند ئەو تێڕوانینانەی هەوڵ دەدەن بەرە لە نێوان سیاسەتی کورد و پارتی دەمدا دروست بکەن، دوورن لە ڕاستییەوە و گوتی: "دەمیرتاش ئاشتی دەوێت، ئۆجەلان ئاشتی دەوێت. ئێستا لایەنە سیاسییە جیاوازەکانیش دەڵێن ئاشتی؛ دەبێت ئێمە سەرنج بخەینە سەر ئەم خاڵە هاوبەشە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مزراکلی ئاماژەی بە پرسی ئازادکردنی دەمیرتاش کرد و جەختی کردەوە کە نوێنەرانی چەندین پارت و لایەنی سیاسی ڕایانگەیاندووە، تاوەکو دەمیرتاش ئازاد نەکرێت، ئەوا متمانەی تەواویان بە شەفافییەتی پرۆسەکە نەبێت.