ڕاستەوخۆ

ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا

reset font size increase font size

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت لەسەر ئامادەییی هێزەکانی پێشمەرگە و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە دەکاتەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕۆژی ٣٠ی ئەیلول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەکشێنەوە، ئەم کشانەوەیە دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و ئەمریکا و هاوپەیمانانە.

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە؛ بە تایبەت کە بارودۆخی ئاسایشی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە و پێویستی بە هۆشیاری و بڕیاردانی سیاسیی دروست هەیە، چونکە بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ناوچەکە هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە.

لە کاتی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستیک بووەتەوە، کە بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە و لە ئەنجامدا چەندین شەهید و بریندار و زیانی ماددی لێکەوتەوە.

جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکاوە لە دۆخێکی وا ئاڵۆزی ناوچەییدا، بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە. لە هەمان کاتدا ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیاین کە پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەرکی لەپێشینەی حکومەتی فیدڕاڵە کە بەرپرسیارییەتیی پاراستنی لە کاتی پێویستیدا لە ئەستۆ بگرێت.

هێزی پێشمەرگە وەک چۆن لە ڕابردوو پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بووە، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەیە و دەتوانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆی بگونجێنێ و ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی زۆری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات و ڕێز لە هاوکاری و پشتیوانییان دەگرێت کە لە ڕابردوودا پێشکەشی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەیان کردووە.

وەزارەتی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق، لەگەڵ سوپای عێراقدا پەیوەندییەکی دەستووری و ئەمنی پتەوی هەیە و لە کارکردنی هاوبەشدا بەردەوام و هەماهەنگ دەبێت.

لە کۆتاییدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە کوردستان لە دەستێکی ئەمین و ئاشتیخوازدایە.

وەزارەتی پێشمەرگە

٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٦

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.