بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان، ئێران لە دوو لای جیاوازەوە هێرشی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا).
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حزبەکە، لە کاتژمێر ٢:٠٠ بۆ ٣:٤٠ی بەرەبەیانی، لە یەکەم هێرشدا بەرزاییەکانی بالیسان بە سێ درۆن کرانە ئامانج، و لە ماوەیەکی کەمی دوای ئەوەشدا، کەمپی جێژنیکان لە نزیک هەولێر، کە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبەکەیە، بۆردومان کرا.
ئەم هێرشانەی ئێران هاوکاتن لەگەڵ دەستپێکردنەوەی شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا و فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکام) بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەکانی باشووری ئێران.
بە گوتەی سەرچاوەکانی حیزبی دێموکرات، لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانەوە تا ئێستا، ئێران بە زیاتر لە ١٥٦ مووشەک و درۆن کەمپی بنەماڵەکان و ناوەندە دەرمانی و پەروەردەیییەکانی ئەو حیزبەی کردووەتە ئامانج.