محەممەد ترکۆ، وەزیری پەروەردەی سوریا لە دانیشتنێکی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا ڕایگەیاند، 43 هەزار مامۆستای ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەیوەندییان بە وەزارەتی پەروەردەوە کردووە و خراونەتە سەر میلاکی گشتیی حکومەت.
سەبارەت بە سیستمی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزیری پەروەردە چەند بڕیار و ئامارێکی نوێی خستەڕوو، قۆناغێکی ڕاگوزەری دوو ساڵانە دیاری کراوە بۆ ئەو قوتابییانەی بە پڕۆگرامی بەڕێوەبەریی خۆسەر خوێندوویانە، تاوەکو لە کۆتایی ئەمساڵ و ساڵی داهاتووشدا بە هەمان پڕۆگرام بەشداری لە تاقیکردنەوە فەرمییەکانی پۆلی نۆ و 12دا بکەن.
بۆ ساڵی خوێندنی 2026–2027، بۆ یەکەمجار لە سەرانسەری سوریادا سیستمی خوێندن دەکرێتە یەکگرتوو. کۆی کارمەندانی وەزارەت 339 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 14 هەزار مامۆستای دوورخراوەش گەڕێندراونەتەوە سەر کارەکانیان. (40%ی مامۆستایان هەڵگری بڕوانامەی زانکۆن).
لە کۆی 18,312 باڵەخانەی قوتابخانە لە سەرانسەری سوریا، 15,568 قوتابخانە لە خزمەتدا ماونەتەوە و 2,744 قوتابخانە (15%) بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها 1,253 قوتابخانەی ئەهلی هەن و بۆ ساڵی نوێش 41 ملیۆن کتێب چاپ کراون.