بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم کرد.
لە دیدارێکدا کە هەریەکە لە شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و یوسف گۆران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان کرا. لە کۆبوونەوەکەدا دووپات کرایەوە لەسەر پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەمەبەستی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئێستاکاندا.
هەروەها لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، جەخت لە گرنگیی هاریکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کرا ڕێگەی لێکتێگەیشتن و بنەما دەستوورییەکانەوە، بەشێوەیەک کە مافی سەرجەم هاوڵاتییان تیایدا پارێزراو بێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پشتگیریکردن لە حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەی و تەواوکردنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەت.