بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کرد، و لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا ئامادەی بوون، دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵک کرا، و لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا سەبارەت بە پرسی ژیان و بژێویی هاونیشتمانییان، جەخت کرایەوە کە پێویستە حکومەت هەنگاوی کرداری و بەپەلە بۆ چارەسەری کێشەکان بنێت؛
هەروەها لە بارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نیشتمانی و بەرپرسیارانە بە شێوەیەک هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لە چارەسەر و لە لێکەوتە نەرێنییەکان پارێزراو بێت.