ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی کۆنەفرۆشان و لەنگەی شارۆچکەی رانیە کەوتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە و سەرەڕای زیانی مادی، بەرگریی شارستانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات شوێنەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە خۆش بکرێت.
عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین ڕایگەیاند، کاتژمێر 9:40 خولەک لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەناو بازاڕی لەنگە و کۆنەفرۆشانی رانیە ئاگادار کراونەتەوە، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاگرەکە سەرەتا لە دووکانێکەوە سەری هەڵداوە و دواتر تەشەنەی کردووە بۆ دووکانەکانی دیکە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوەدا، ئاگرەکە گەورەیە و زیاتر لە حەوت تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەین و تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام دوای کۆنترۆڵکردنی، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەست پێ دەکات.