سەرچاوە ئەمنییەکان ئاشکرای دەکەن کە حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی پرۆسەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی هێرشە درۆنی و مووچەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان نزیکبووەتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگرتنی کاتیی کارەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەهۆی هەڕەشەی ئەمنی و کۆتاییهاتنی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتن.
سەرچاوە ئەمنییەکان بە ڕۆژنامەی مەدای عێراقییان ڕاگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی بەغدا ناسنامەی ئەو گروپانەیان لایە کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان و ئەگەری هەیە بەمزووانە ناوی تۆمەتباران و گروپەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆتایی مانگی شوباتەوە تا ئێستا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی 904هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە کە تێیدا 29کەس کوژراون و 149ـی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەرەسەندنانە، کۆمپانیای دانەگاز بەهۆی هەڕەشەی ئەمنیەوە، بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت. لە لایەکی دیکەوە، دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند کە هێزەکانی هاوپەیمانان 8 درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر خستووەتە خوارەوە و دەزگای ئاسایشی هەرێمیش بەئامانجگرتنی سێ ناوچەی سلێمانی بە 7 مووشەک پشتڕاستکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی لە واشنتنەوە هێرشەکانی سەر هەولێری سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکاریی سەروەریی وەسف کرد. هاوکات سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی وڵات.