ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەتی سعودی، بە پشتبەستن بە زانیاریی چەند بەرپرسێکی عێراقی و بیانی، وردەکاریی شوێن و ئەنجامدەرانی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد کە ڕاوێژکارانی ئێرانی سەرپەرشتیی ئەو هێرشانە دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی نێوان سەڵاحەدین، کەرکوک و پارێزگای دیالەەوە ئەنجام دراون.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو هێرشانە لەلایەن ئیقبال پۆر، ڕاوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە وڵاتانی ئیمارات و سعودیە لە بیابانەکانی نێوان سەماوە و نەجەفەوە کراونەتە ئامانج. بەرپرسانی عێراقیش دەزانن کە جەواد غەفاری، ڕاوێژکاری سوپای پاسدارانی ئێران، سەرپەرشتیی سەرەکیی ئەو هێرشانە دەکات.
شەرقلئەوسەت ئەوەشی خستووە روو کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئاستی چاودێریی خۆیان بەرز کردووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لەلایەن بەرپرسان و فەرماندە سەربازییەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە هەڕەشەیان لێ کراوە بەوەی، ئەگەر بەشداری لە پلانی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بکەن، ئەوا خۆیان و خێزانەکانیان دەبنە ئامانج.