شەش مانگ بەسەر واژۆکردنی پەیمانی ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان حکوومەتی ڕاگوزەری سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا تێپەڕیوە. پرۆسەی تێکەڵاوکردن لە هەرێمەکەدا بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و بەپێی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، زۆرینەی دامەزراوەکانی ناوچەکە یەکیان گرتووە.
لەسەدا ٧٠ی پرۆسەی دامەزراوەکان کۆتایی هاتووە
پارێزگاری حەسەکە، نوردین ئەحمەد، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە پرۆسەی تێکەڵکردن و کارپێکردنی دامەزراوە فەرمییەکانی پارێزگاکە گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ و لەسەدا ٧٠ی ئەم پرۆسەیە کۆتایی هاتووە. کارەکان بۆ تەواوکردنی بەشەکانی تریش بە خێرایی بەردەوامن.
لە چوارچێوەی ئەم یەکگرتنەدا، دۆخی کارمەندان لە چەند کەرەتی سەرەکیدا بەم شێوەیەیە:
کەرەتی پەروەردە: نزیکەی ٢٠ هەزار کارمەند بە تەواوی پەیوەندییان بە وەزارەتی پەروەردەی سوریاوە کردووە و مووچەکانیان وەردەگرن.
کەرەتی تەندروستی: دەوروبەری ٢ هەزار کارمەند تێکەڵ کراون.
کەرەتی کارەبا: نزیکەی ٧٠٠ کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا پەیوەندییان بە سیستەمی نوێوە کردووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکانی تر: بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ، بازرگانیی ناوخۆ، چاند، گەشتیاری و شوێنەوار، لقی بانکی ناوەندیی سوریا و بەڕێوەبەرایەتیی پۆستە بە تەواوی کارا کراونەتەوە.
بارشارستانی (نوفووس): بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی کراوەتەوە، بەڵام پرۆسەی تێکەڵکردنی تەواوی کارمەندەکانی هێشتا کۆتایی نەتەواوە.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا، پارێزگاری حەسەکە دوێنێ لە بینای پارێزگادا پێشوازی لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە کرد و میکانیزمی تێکەڵکردن، پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانیان تاوتوێ کرد.
دۆخی گەڕانەوەی ئاوارەکان: عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی
گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان یەکێک بوو لە خاڵە سەرەکییەکانی پەیمانەکە. لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا دۆخی شارەکان بەم شێوەیە پەرەی سەندووە:
عەفرین: هەموو ئاوارەکانی عەفرین گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
سەرێکانی: کارەکانی پاککردنەوە و کردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکان بەردەوامن. هەروەها کارەکانی هەڵگرتنی مین گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و چاوەڕوان دەکرێت گەڕانەوەی ئاوارەکان دەست پێبکات.
گرێ سپی: پێچەوانەی هەردوو شارەکەی تر، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە دۆسێی گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکانی گرێ سپی لەسەر زەوی نەبینراوە و نزیکەی سێ هەزار خێزان هێشتا چاوەڕێی گەڕانەوەن.
دیل و ونبووەکانی هەسەدە
لە نێوان ٦ بۆ ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا، لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییەی حەلەب، سەدان شەرڤانی هەسەدە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دیل کرابوون.
سەرەڕای ئەوەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکان ئازاد کراون، بەڵام هێشتا سەدان کەس ونن و هیچ هەواڵێکیان نییە. بەپێی ئامارەکانی کۆمیتەی گرتراو (ئەسیر) و ونبووانی ڕۆژاوا کە لە ڕێگەی ئاژانسی ئەنهاوە بڵاو کراونەتەوە:
بە گشتی ٦٢٨ کەس ونن.
لەو کەسانە، تا ئێستا تەنیا ١٣٨ کەس دیاری کراون کە لە زیندانەکانی ئیدلب، ڕەقە، دێرەزور، حەلەب، منبیج و حومس دەستبەسەرن.