لە شاری حەسەکەی ڕۆژاڤای کوردستان، قەیرانی گواستنەوەی گشتی سەری هەڵدا و شۆفێرانی پاسە ناوخۆییەکان لە دژی ڕاگرتنی دابینکردنی سووتەمەنی مانیان گرت.
ئەمەش قەرەباڵغییەکی زۆری لە ناوەندەکانی گواستنەوەدا دروست کرد و دەوامی فەرمانگە و ناوەندەکانی خوێندنی پەکخست.
شۆفێرەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی سووتەمەنی لە بازاڕی ئازاددا گەیشتووەتە ئاستێک کە بەردەوامبوون لە کارکردن بە نرخی کۆن و بێ پشتگیری، بارێکی دارایی قورسیان لەسەر دروست دەکات و کاری ڕۆژانەیان پەکدەخات.
بەهۆی ئەم مانگرتنەوە، جووڵەی بازاڕ و هاتوچۆی گشتی لە زۆربەی شەقامەکانی حەسەکە پەکیکەتووەو گۆڕەپانەکانی چاوەڕوانکردنی پاس و هێڵە سەرەکییەکان قەرەباڵغییەکی زۆریان بەخۆوە بینیووە، و بەتایبەت خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران کە ڕۆژانە پشت بە گواستنەوەی گشتی دەبەستن، لە گەیشتن بە شوێنی مەبەست دواکەوتن و تووشی کێشەی هاتوچۆ بوون.
لە بەرامبەر ئەم ناڕەزایەتییەدا، بەڕێوەبەرایەتی سووتەمەنی لە حەسەکە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو بڕە گازوئیلەی تا ئێستا بۆ شارەکە دابینکراوە "کەمە و بەشی پێویستی ناکات".
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەی دابەشکردن دەست پێ ناکات تاوەکو تەواوی پشکی تەرخانکراوی شارەکە دەگاتە دەستیان.
شۆفێرانی مانگرتوو هۆشداری دەدەن کە ئەگەر کێشەکە بە زووی چارەسەر نەکرێت و گازوئیلی پشتگیریکراویان بۆ نەگەڕێتەوە، ئەوا لە هەڵوێستەکەیان بەردەوام دەبن، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکەن هەرچی زووە قەیرانەکە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی باری دارایی سەر شۆفێر و هاووڵاتیان سووک بکرێتەوە.