حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو ڕێکارێکی نائاسایی و پێشوەختە بووە بۆ دابینکردنی بودجە و پاراستنی ڕەوشی دارایی وڵات لە بەرامبەر بارودۆخە سەختەکاندا.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەدا، عێراق بەهۆی داخستنی گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتەوە ڕووبەڕووی دابەزینی داهاتەکان بووەتەوە، و ئەم گۆڕانکارییەش کراوە تاوەکو ڕێگری لە زیانی گەورەتر بە ئابووریی دەوڵەت بگیرێت، هەروەها دەبێتە هۆی بووژانەوەی پیشەسازیی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کاڵای دەرەکی.
سەبارەت بە جیاوازیی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕیش، ناوبراو جەختی کردەوە، ئەو جیاوازییە پەیوەندیی بەو مامەڵە بازرگانییانەوە هەیە کە لە دەرەوەی یاسا دەکرێن و حکومەت خەریکی توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سەر سنوورەکان و ڕێکخستنەوەی هاتنەژوورەوەی کاڵاکانە.