ئۆنۆر بارتن، پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر قۆناغی نوێی پەرلەمان و دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی سیاسیی لە ڕێگەی پرۆسەی ئاشتییەوە و جەختی لەوە کردەوە، پێشمەرجی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە گۆڕینی زهنییەتی دەوڵەت و گەرەنتیی یاسایی مافەکانی کوردە.
ئۆنۆر بارتن ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەرچوونی یاسای چوارچێوە، بەڵام بوونی مەرجەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کێشەی متمانەی دروست کردووە و پێویستە هەنگاوی لەخۆبردووانە بنرێت و جەختی کردەوە، پرۆسەکە تەنها بە گوتاری سیاسی بەڕێوەناچێت، بەڵکو دەبێت لە واقیعدا گفتوگۆ و دانوستان، کێشەکانی وەک زمان، ناسنامە، مافە کلتوورییەکان و پێگەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە یەکلا بکرێنەوە.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هۆشداریدا لەوەی، دواخستنی کۆمەڵگە لە پرۆسەکەدا و پشت بەستن تەنها بە گفتوگۆی نێوان کارەکتەرە سیاسییەکان هەڵەیەکی گەورەیە و پێویستە کۆمەڵگە لە سەرجەم چین و توێژەکانییەوە بەشدار بێت بۆ ئەوەی ئاشتی ببێتە بەشێک لە ئیرادەی هاوبەشی گشتی نەک تەنها بڕیارێکی سیاسی.