بە گوێرەی ئاژانسی ئاکسیۆس سێ بەرپرسی ئەمریکی ئاشکرایان کردووە کە سعودیە و سووریا لە دانوستاندندان بۆ ناردنی هێزی سەربازیی سووریا بۆ یەمەن، بە مەبەستی بەشداریکردن لە هێرشە پێچەوانەکانی دژی چەکدارە حووسییەکان.
بەپێی زانیارییەکانی ئاکسیۆس لە سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە جددی تاوتوێی داواکارییەکی سعودیە دەکات بۆ ناردنی سەرباز بۆ یەمەن، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەداوە.
ئەم بابەتە لە کاتی کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی نێوان محەمەد بن سەلمان، وەلیعهەدی سعودیە و ئەحمەد شەرع لە ڕیاز هاتووەتە ئاراوە. سعودیەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی هێزەکانی سووریاوە پشتگیری لە هێزەکانی حکومەتی یەمەن بکن کە مەشق و ڕاهێنانیان لە حووسییەکان کەمترە. ئیدارەی ترەمپیش ئاگاداری دانوستاندنەکانە و لە ڕووی پرەنسیپەوە دژایەتی ناوەرۆکی پرۆسەکە ناکات.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای سووریا دەستنیشانی ناردنی 10 بۆ 20 هەزار سەربازی کردووە، بە تایبەت لە فیرقەی 90ی نزیک دیمەشق و فیرقەی 84 لە باشووری سووریا.
فیرقەی 84 هەزاران چەکداری بیانیی ئیسلامیی تێدایە کە لە ڕیزەکانی دەستەی تەحریری شام شەڕیان دژی ڕژێمی ئەسەد دەکرد.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەشداریی چەکدارە سوننەکان لە شەڕی دژی حووسییە شیعە مەزهەبەکاندا، ڕەهەندێکی مەزهەبیی مەترسیدار دەبەخشێتە جەنگی یەمەن و ئاڵۆزییەکان قووڵتر دەکاتەوە.