دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئامادە نییە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات، سەرەڕای ئەوەی کە دانوستانەکان لە ڕێگەی ستیڤ ویتکۆفەوە بە باشی بەڕێوە دەچن و تاران بۆ ڕێگری لە هێرشی ئەمریکا ئامادەیە هەموو شتێک پێشکەش بکات، لە کاتێکدا جێگری سەرۆکی ئەمریکاش مەرجی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهاتن بە جەنگەکە دووپات دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی گوتارێکدا بۆ لایەنگرانی حیزبەکەی ئاشکرای کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە هێرشی ئەمریکا بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتن نییە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، پێویستە ئێران بە کردەیی تواناكانی پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی بنەڕەتی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانی واشنتن بداتەوە و جەختیشی کردەوە، سەرەڕای کراوەبوونی دەرگای گفتوگۆ، بەڵام مەرجی سەرەکی بۆ ڕێککەوتن ئەوەیە کە ئێران دەستبەرداری بەشێک لە تواناکانی بێت.