چوارەمین کاروانی ئاوارەکانی سەرێکانی، کە لە 516 خێزان و بە گشتی سێ هەزار و 384 کەس پێک دێن، لە کامپی ئاوارەکانی واشۆکانی لە پارێزگای حەسەکە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان لە شارۆچکەی تل تەمر، زڕگان و گوندەکانی دەوروبەری سەرێکانی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، لە کاتێکدا زۆربەی ماڵ و خانووی ئاوارەکان لەلایەن کەسانی هاوردەوە ڕووخێنراون، بەڵام سیامەند عەفرین، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە، ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دوو کاروانی تری ئاوارەکان (کە بەشێکیان خەڵکی ناوەندی شارەکەن) دەگەڕێنەوە.
ئەم کاروانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریا گەڕاونەتەوە و بڕیارە لە قۆناغەکانی داهاتوودا نزیکەی 13 هەزار خێزانی تریش بگەنەوە زێدی خۆیان.