کۆمسیۆنی ژینگەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدارییەکی توندی دا لەبارەی وێرانکارییە ترسناکە ژینگەیییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان و بە "جینۆسایدی ژینگەیی" وەسفی کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، داگیرکاریی تورکیا تەنها بۆ سەروەت و سامان نییە، بەڵکو بە بڕین و سووتاندنی بەردەوامی دارەکان و تێکدانی ژینگە، هەوڵێکی سیستەماتیک بۆ تێکدانی ناسنامەی سروشتیی ناوچەکە دەدات، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای پێوەرە نێودەوڵەتییەکانە.
کەنەکە داوای لە گەلی کوردستان، دۆستانی ژینگە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد، بێدەنگیی بشکێنن و لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لەسەر ئەو تاوانە ژینگەییانە بکەن، هەروەها داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کرد، هەڵوێستێکی نیشتمانی و روون بەرامبەر ئەم تاڵانکارییە ژینگەییە هەبێت.