کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە مەرسومی ژمارە 13ی ساڵی 2026ی سەرۆکایەتیی سوریا دەکات، کە ڕێگە بە هاوڵاتیانی ڕۆژاڤای کوردستان و سوریا دەدات وڵاتینامەی ئەو وڵاتە وەربگرن.
ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی "بێ وڵاتنامەکان" سەیر دەکرێت؛ بەو پێیەی ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە بۆ سەرژمێریی ساڵی 1962ی حەسەکە دەگەڕێتەوە کە تێیدا هەزاران کوردی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن، تەندروستی، کار و بەشداریی سیاسی بێبەش کران.
لە لایەکی دیکەوە، پرۆسەکە پێشوازییەکی زۆری لێکراوە، بە شێوازێک کە لە دوای کردنەوەی دەرگای پێشکێشکردن لە 6ی نیسانی 2026، تاوەکو 22ی ئایار زیاتر لە 10 هەزار و 500 کەس (کە 2,892 خێزانن) لە ناوەندەکانی دیمەشق، حەلەب، حەسەکە، ڕەققە و دێرەزوور داواکارییان تۆمار کردووە.
تەنانەت بەهۆی زۆریی داواکارییەکانەوە، وادەی پرۆسەکە بۆ 15 ڕۆژی دیکە درێژ کراوەتەوە.
هاوکات بۆ ئاسانکاریی هاونیشتمانیان، نەتەوە یەکگرتووەکان کەرەستەی ڕێنمایی بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی ئامادە کردووە و لە ڕێگەی تیمە یاساییەکانییەوە هاوکاریی پێشکەشکاران دەکات.
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیش، ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی سوریا ڕایگەیاندووە کە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی مەرسوومەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سوریا، بۆ چەسپاندنی یەکسانیی هاووڵاتیبوون.
هەروەها ئەسیر مەدایەن، جێگری نێردەی UNHCR لە سوریا دووپاتی دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی کێشەی بێ وڵاتینامەکان بۆ پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی یەکجار گرنگە و ئەوان بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی زیانلێکەوتووان.