فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان"یەپەژە " ڕایگەیاند، حکومەتی کاتیی سوریا دەیەوێت یەپەژە تەنیا وەک هێزێکی "ئاسایش" بناسێنێت، بەڵام داواکاریی سەرەکیی ئەوان ئەوەیە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ لە چوارچێوەی سوپای داهاتووی وڵاتەکەدا جێگیر بکرێن.
ڕۆهەڵات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ڕۆژاڤا، تیشکی خستە سەر داهاتووی هێزەکەیان لە سوریای نوێ و گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق و ڕایگەیاند: "تێکۆشینی ئێمە بۆ پاراستنی پێگەی یاسایی و دەستکەوتەکانی یەپەژە تاوەکو سەرکەوتن بەردەوام دەبێت."
"داواکاریی ئێمە سوپایە نەک ئاسایش"
ڕۆهەڵات عەفرین ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی حکومەتی کاتیی سوریا گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە لە تێڕوانینی ئەواندا ڕۆڵی ڕاستەقینە بە ژنان نادرێت.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان لەگەڵ دیمەشق، فەرماندەکەی یەپەژە گوتی: "حکومەتی کاتی دەیەوێت هێزەکانی یەپەژە بخرێنە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بەڵام یەپەژە هێزێکی ڕەسەنی ناو کۆمەڵگەیە و کارەکانمان لەسەر ئەو بنەمایەیە کە وەک هێزێکی پاراستن لە ناو سوپادا بین؛ ئەگەر پێشتریش ژنان لە سوپای سوریادا پێگەی فەرمییان نەبووبێت، ئێستا دەبێت هێزێکی تایبەتی ژنان لە ناو سوپای نوێدا قبوڵ بکرێت."
کەمپەینی نێودەوڵەتی و پشتگیریی ژنان
فەرماندە ڕۆهەڵات عەفرین ئاماژەی بە کەمپەینە نێودەوڵەتییەکانی پشتگیریکردنی یەپەژە کرد و گوتی: "پشتیوانیی ژنانی جیهان بۆ ئێمە جێگەی شانازییە. دەنگی بەرگریی یەپەژە گەیشتووەتە هەموو جیهان، چونکە لە دژی ڕێکخراوێکی دڕندەی وەک داعش، هەموو ژنان یەپەژەیان وەک هێزی چارەسەر و ڕزگاری دەبینی."
"پاراستنی پێگەی یاساییمان هێڵی سوورە"
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناوبراو هۆشدارییدا کە ئەگەر مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی سوریادا جێگیر نەکرێن، مەترسیی لەناوچوونیان دەبێت و گوتی: "قبوڵکردنی یەپەژە بە فەرمی لە سوریای نوێدا، بەواتای پاراستنی مافی هەموو ژنان دێت. شۆڕشی ئێمە بە پێشەنگایەتیی ژنان دەستیپێکرد و تاوەکو مسۆگەرکردنی تەواوی مافەکانمان لە تێکۆشان بەردەوام دەبین."