کێشەی سووتەمەنی و نۆرەگرتنی دوورودرێژ بۆ وەرگرتنی بەنزینی پاڵپشتیکراو لە شاری کەرکوکیش سەری هەڵداوە، بەڵام بە جیاوازیی ئەوەی لە کەرکوک لیترێک بەنزینی نۆرماڵی پاڵپشتیکراو بە 450 دینار دەدرێتە شۆفێران، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نرخەکەی 750 دینارە.
کۆبوونەوەی سەدان شۆفێر و درێژبوونی نۆرەکان بەشێک لە شەقام و کۆڵانەکانی گرتووە، بەتایبەت کە زۆربەی وێستگەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی دەکەونە نێو گەڕەکە قەرەباڵغەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان، ئەمەش نیگەرانی و ئاستەنگی زۆری بۆ دانیشتوانی دەوروبەری وێستگەکان دروست کردووە. لەم بارەیەوە شۆفێر یوسف محەمەد و هاوڵاتی محەمەد مەهدی تیشکیان خستە سەر گرفتەکانی هاتوچۆ و دروستبوونی ئاستەنگ لە بەردەم ماڵەکانیان.
بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان و نەهێشتنی بەریەککەوتن بەتایبەت لە وێستگەی ئەندەلوس، ئەحمەد کەرکوکی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، پێشنیازێکی خستووەتە بەردەم کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان تاوەکو وێستگەیەکە تایبەت بپەڕێندرێت بۆ ژنان.
سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزاری ئاشکراشی کرد، بەشی پارێزگای کەرکوک لە بەنزینی پاڵپشتیکراو رۆژانە 1 ملیۆن و 850 هەزار لیترە، کە لە ڕێگەی سیستەمی کۆپۆنەوە دابەش دەکرێت؛ بەپێی نرخەکانیش، هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 450 دینار، موحەسەن بە 850 دینار و سوپەر بە 1,250 دینار دەدرێتە شۆفێران.