رێوار ئاودانان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پژاک، لە هەڵسەنگاندنێکی نوێیدا بۆ دۆخی سیاسیی ناوچەکە ڕایگەیاند، ئەو لێکگەیشتن و ئاگربەستە تاکتیکییەی ئێستا لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە زۆر لەرۆکە و تەنیا دەرفەتێکە بۆ خۆئامادەکردنەوەی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ قۆناغی داهاتوو.
ئاودانان ئاماژەی بەوە دا کە ئێران سەرڕای وەرگرتنی گورزی کوشندە، هێشتا دەیەوێت بە کارتی داخستنی گەروی هورمز فشار بخاتە سەر ئابووریی جیهانی و تێکدانی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئێران، ئاودانان پێیوایە کە نە جەنگ و نە سازش، هیچ کامیان ناتوانن قەیرانەکانی وڵاتەکە چارەسەر بکەن، چونکە هیچ کام لەم بژاردانە حیساب بۆ داخوازییەکانی خەڵک ناکەن.
وەک ڕێگەچارە دەڵێت: "تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاربوون، بەگەڕخستنی داینامیکی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی تۆڕەکانی بەرگریی جەماوەرییە لە سەرانسەری ئێراندا، بە تایبەت بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)."
لە تەوەرێکی گرنگی قسەکانیدا، ناوبراو تیشکی خستە سەر پێگەی کورد لەم ململانێیەدا و بە توندی ڕەخنەی لەو لایەنە ناسیۆنالیستە ئێرانییانە گرت کە لە دەرەوەی وڵاتەوە داوای چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و ڕایگەیاند:
"تا ئەو کاتەی سیستەمێکی دیموکراتی لە ئێراندا جێگیر نەبێت، دەستبەرداربوون لە مافی بەرگریی ڕەوا لە لایەن کوردەوە، هیچ مانایەکی نییە جگە لە خۆکوشتن."
ئاودانان جەختی لەوەش کردەوە کە هەرچەندە ئێستا سەردەمی خەباتی چەکداریی کلاسیک بەسەرچووە و خەباتی دیموکراتی کلیلە، بەڵام "تا ئەو کاتەی دەرفەتی گفتوگۆی سیاسی لە ئارادا نەبێت، مافی بەرگریی ڕەوا وەک مافێکی سەرەکی و هەمیشەیی بۆ گەلی کورد دەمێنێتەوە."