لیژنەی ئاوارەکانی شاری سەرێکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەکانی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی و کردنەوەی ڕێگا سەرەکییەکان، کۆبوونەوەی تایبەت بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەست پێدەکەن.
ئەم هەنگاوەش وەک سەرەتایەک و زەمینەسازییەک سەیر دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی پلانی گەڕانەوەی ئارام و شکۆمەندانەی ئەو هاووڵاتیانەی، کە بە زۆرەملێ لە ماڵ و حاڵی خۆیان دەرکراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی لیژنەکە، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئارام و جێگیر بۆ شارۆچکەی سەرێ کانی و گوندەوارەکانی، بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی چەند ڕێوشوێنێکی بنەڕەتییەوە، لەوانەش، پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و پاشماوەی جەنگ. هەروەها کردنەوەی ڕێگا سەرەکیی و ستراتیژییەکان بە مەبەستی خستنەوەکاریان بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان.
دەرکردنی ئەو نیشتەجێکراوە نوێیانە، کە دوای داگیرکردنی شارەکە لە ناوچەکانی دیکەوە هێنراونەتە ناو ماڵ و موڵکی ئاوارەکان و ناردنەوەیان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان. هەورەها گێڕانەوەی سەرجەم مۆڵک و ماڵە تاڵانکراوەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکاندا، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دۆسیەی گەڕانەوە، ئامارێکی گشتگیر و وردی تهواوی ئاوارە زۆرەملێیەکانی سەرێ کانیێیان ئامادە کردووە و ڕادەستی لایەنە بڕیاردەرەکانیان کردووە.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئاوارەکان بە نزیکەی 80 هەزار کەس دەخەمڵێنرێت و بڕیارە ئەم داتایانە بکرێنە بنەمای سەرەکی بۆ داڕشتنی میکانیزمێکی ڕوون و ڕێکخراو بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی قۆناغەکانی گەڕانەوەی هاووڵاتیان بۆ زێدی خۆیان.