وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاساییبوونەوەی گواستنەوەی گازی لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات کە بەو هۆیەوە 1400 مێگاوات کارەبا گەڕاوەتەوە ناو تۆڕی گشتیی نیشتمانی.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبا، دوای هەوڵە هاوبەشەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای داناغاز، پرۆسەی گواستنەوەی گاز لە کێڵگەی کۆڕمۆڕەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەوە، و لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا بڕی 1400 مێگاوات کارەبا بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی گەڕایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزارەتی کارەبا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردبووەوە و تێیدا ڕایگەیاندبوو، بەهۆی کەمکردنەوەی هەناردەی غاز لەلایەن کۆمپانیای داناغازەوە بۆ وێستگەکان، بەرهەمهێنانی کارەبا 1000 مێگاوات کەمی کردبوو و ئەوەش بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک.