بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لە هەردوو سیستمی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیدا فۆنتی پیتە کوردییەکان بەکاردەهێنرێن، جەختیش دەکاتەوە کە ناوەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و هیچ شێواندنێک ڕونادات.
مەریوان عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە جێگیرکردنی پیتە کوردییەکان لە سیستمە ئەلیکترۆنییەکاندا ڕایگەیاند، لە ئێستادا هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لە خوێندنەوە و نووسینی ناوە کوردییەکان لە هەردوو سیستمی کارتی نیشتمانی و پاسپۆرتدا بوونی نییە.
سەبارەت بە شێوازی تۆمارکردنی ناوەکانیش، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ گەیشتنی بەڵگەنامەی لەدایکبوون بۆ فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی، ناوەکە بەو شێوەیە تۆمار دەکرێت کە لە بەڵگەنامە بنەڕەتییەکەیدا هەیە و هیچ دەستکارییەک ناکرێت.
لەبارەی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیی نوێوە، ناوبراو دڵنیایی دا کە زانیارییەکان ڕاستەوخۆ پشت بە کارتی نیشتمانی دەبەستن، بە جۆرێک "ناوەکە لە کارتی نیشتمانیدا چۆن تۆمار کرابێت، بە هەمان شێوە و بێ گۆڕانکاری لە پاسپۆرتەکەشدا جێگیر دەکرێت."