پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی حکومی لە شاری سلێمانی دەستی پێ کردەوە و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانیش ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینەکە دابەش دەکەن زیاد کراون.
سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاشکرای کرد، لە ناوەندی شاری سلێمانی 13 بەنزینخانە بۆ دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری تەرخان کراون.
پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینەکە بە شێوەی 24 کاتژمێری بەردەوام دەبێت و لە داهاتووشدا ژمارەی بەنزینخانە تەرخانکراوەکان زیاتر دەکرێت.
بەنزینە نۆرماڵەکە بەپێی ئەو تایبەتمەندییانەیە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دیاری کراوە، ئۆکتانی لە سەروو 91 پلەیە و هیچ کێشەیەکی کوالێتیی نییە.
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی گوتیشی، هیوا دەخوازن لە داهاتوویەکی نزیکدا قەیرانی بەنزین بە تەواوی کۆتایی پێ بێت.