ئەلپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە پەراوێزی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ڕایگەیاند، پڕۆسەی گەڕان بەدوای نەوت لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بەردەوامە.
ئەلپئەرسلان بایراکتار ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئامانجەکانیان بپێکێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە ئامەد دەکرێت دوو تا سێ بەرامبەری کێڵگەی گاباری شرنەخ بێت.
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ئاشکراشی کرد، تورکیا توانای کارەبای خۆی لە 32 هەزار مێگاواتەوە بۆ 126 هەزار مێگاوات و توانای بەرهەمهێنانی نەوتی سێ هێندە و گازی سروشتیشی نۆ هێندە بەرز کردووەتەوە.
لە ڕووبەری 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەدا لە چوار کێڵگەی ئامەد کار دەکرێت، وەزیری وزە جەختی کردەوە، پڕۆژەکە سەرکەوتوو بێت، سەدان بیری نەوت لێ دەدرێن و ئاستی بەرهەمهێنان لە گابار زیاتر دەبێت.
دوای ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لە 27ی شوباتی ساڵی ڕابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد، ئاستی بەرهەمهێنانی سامانی ژێرزەوی لە باکووری کوردستان زیاتر بووە، ئەویش بەهۆی وەستانی شەڕ و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی باکووری کوردستان.