میدیاکانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) ڕایانگەیاند، لە درێژەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێراندا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بنکەیەکی هێزەکانیان لە ناوچەی چەمشار لە نزیک دارەشەکران بە درۆن بۆردومان کراوە و لە ئەنجامدا ٨ پێشمەرگەیان بریندار بوون.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا زنجیرە هێرشێکی توندی ئێران کەمپ و بنکەکانی حزبی کۆمەڵەی لە سلێمانی کردبووە ئامانج و ببووە هۆی شەهیدبوونی ٩ پێشمەرگە.
چڕبوونەوەی ئەم پەلامارە درۆنی و موشەکییانەی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە، کە تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو لایەنە کوردییانە بەشداریی چەکدارییان لە نێو ئەو شەڕ و گرژییانەدا نەکردووە کە لە ناوچەکەدا هەیە.