سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان پێشوازی لە هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا، سەرۆک بافڵ وێڕای بەخێرکردنی کونسوڵی نوێ و خواستنی سەرکەوتن بۆی لە ئەرکەکەیدا، پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا باسی لێوە کرا و جەخت لە فراوانکردنی هاریکارییە هاوبەشەکان کرایەوە لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییە گشتییەکاندا.
هەروەها دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و بافڵ جەلال تاڵەبانی هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە دووپات کردەوە.