عەلی حەمە ساڵح ئاشکرای دەکات، ماوەی مانگێکە ئاڵوگۆڕی دەرمان لە نێوان سلیمانی و هەولێر ڕاگیراوە دەشڵێ، دوو ڕۆژیشە ڕێگری لە گواستنەوەی غاز بۆ سنوری هەولێر دەکرێت.
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ، ماوەی مانگێکە ڕێگە بە گواستنەوەی هیچ جۆرە دەرمانێک لە سنوری هەولێرەوە بۆ سنوری سلێمانی و بەپێچەوانەشەوە نادرێت، ئەگەرچی دەرمانەکان سەرجەم ڕێکارە یاسایی و گومرگییەکانیشیان تەواو کردبێت.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست دەشڵێت, ئەم بارودۆخە ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی نەمان و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی چەندین جۆری دەرمانی گرنگ لە بازاڕەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماوەی دوو ڕۆژیشە بازگەکان ڕێگری لە چوونی غازی ماڵان و بازرگانی لە سنووری سلێمانییەوە بۆ سنوری هەولێر دەکەن، پاساوەکەش ئەوەیە لە کۆی بەرهەمی 50 هەزار بەرمیل، تەنیا نزیکەی 10٪ی بۆ سلێمانی دابین دەکرێت، بۆیە ئامادە نین 57٪ی غازی ناوچەکەیان بۆ هەولێر بنێرن.