بڕیارە سبەینێ چوارشەممە، 16ی ئەیلولی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (174)ی خۆی لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا ئەنجام بدات بە مەبەستی تاوتوێکردنی سێ تەوەری سەرەکی و گرنگ.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی وەزیران، لە تەوەری یەکەمدا هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئامادەکارییەکانیان بۆ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی 2026 - 2027 دەخەنەڕوو. لە تەوەری دووەمدا وەزیری پلاندانان هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکانی بەغدا لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی 2024 و کاریگەرییەکانی لەسەر دیاریکردنی پشک و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم دەکات، تاوەکو هەڵوێستی حکومەت لەو بارەیەوە یەکلا بكرێتەوە.
لە تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، شاندی باڵای دانوستانکار ئەنجامی دوایین کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2027 دەخاتەڕوو، بە مەبەستی جێگیرکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.