وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سبەی ئەپڵیکەیشنی ئی-پسووڵە دەکەوێتەوە کار و هاوڵاتییان و خاوەنکاران دەتوانن سوود لە پرۆسەی لێخۆشبوونی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا وەربگرن، کە تاوەکو 10ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هۆکاری ڕاگرتنی کاتیی ئەپڵیکەیشنەکە بۆ زیادکردنی خانەیەکی تایبەت بە پرۆسەی لێخۆشبوونی قەرزەکان بووە. جەختیشی کردووەتەوە، ڕێژەی داشکاندنەکە بەپێی جۆری بەشداربووان دیاری کراوە، بە شێوازێک بۆ بەشداربووانی ماڵان و کشتوکاڵی بە ڕێژەی 50٪ دەبێت و بۆ سێکتەرەکانی پیشەسازی، بازرگانی و میری بە ڕێژەی 25٪ دەبێت.
وەزارەتەکە هۆشداریشی داوە، ئەمە دوایین جار دەبێت داشکاندن بەم شێوازە ئاسانکارییە جێبەجێ بکرێت و جەختی کردووەتەوە لەوەی ئەگەر لە ماوەی دیاریکراودا قەرزەکان نەدرێنەوە، وەزارەتەکە میکانیزمی دیکە بۆ کۆکردنەوەی تەواوی قەرزە کەڵەکەبووەکان دەگرێتە بەر.