وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی، ناوی سێ یەکەمەکانی ساڵانی ڕابردووی زانکۆ و پەیمانگاکانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد بە مەبەستی دابینکردنی میلاک و بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنیان لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی 2027.
بە گوێری نووسراوی ژمارە (12723)ی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کە لە 2ی ئابی 2026 بە واژۆی ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، زانیاریی سەرجەم سێ یەکەمەکانی دەرچووی ساڵانی 2017 تاوەکو 2025 لەگەڵ هەڵگرانی بڕوانامەی دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا، کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون رەوانە کراوە، تاوەکو لە یاسای بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووی عێراقدا میلاک و تەرخانی داراییان بۆ دابین بکرێت.
لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هات، کە داوای لە وەزارەتەکان کردبوو پێویستییەکانیان بۆ دامەزراندن بخەنە ڕوو. ڕوونیشی کردەوە، ئەم داتایانە ئامادە کراون تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی گفتوگۆکانی یاسای بودجەی عێراقدا داوای تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ دامەزراندنیان بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ئاشکرای کرد، ژمارەی سێ یەکەمەکان 16 هەزار و 282 کەسە و پێویستیی مانگانەیان بۆ دامەزراندن 11 ملیار و 900 ملیۆن دینارە. هەروەها ژمارەی خاوەن بڕوانامە باڵاکان (دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) 729 کەسن و بودجەی مانگانەی پێویست بۆ دامەزراندنیان 911 ملیۆن دیناری عێراقییە.