حزبە کوردستانییەکانی خانەقین، جەلەولا، سەعدیە، مەندەلی، قەرەتەپە و جەبارە، لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ بڕیاری دەستەی سەرپەرشتیارانی گردبوونەوە جەماوەرییەکەی خانەقین ڕاگەیاند سەبارەت بە هەڵپەساردنی کاتیی گردبوونەوەکە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە بڕیاری هەڵپەساردنەکە تا ئەو کاتەیە کە وەفدی نوێنەرایەتیی خانەقین دەگاتە بەغدا و بۆ گەیاندنی داواکارییە ڕەواکانی خەڵک لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسە باڵاکان کۆدەبێتەوە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە هۆکاری سەرەکیی هەڵپەساردنەکە پاراستنی ئارامی و سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان بووە، بەو پێیەی زانیاریی پشتڕاستکراوە هەبووە کە ڕێوشوێنەکانی ئاسایش و پاراستنی گردبوونەوەکە لە ئاستی پێویستدا نەبوون و مایەی دڵنیایی نەبوون.
حزبە کوردستانییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە جۆش و خرۆشی جەماوەر بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانییانەی ناوچەکە پەیامێکی ڕوونی هەبووە کە پێشێلکردنی مادەی ١٤٠ و فەرامۆشکردنی مافە دەستوورییەکان مەترسیی گەورەن، و داوایان لە چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کردووە بە زووترین کات بەدەم داواکارییە ڕەواکانی خەڵکەوە بێن.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوان و هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی گرتن بۆ کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و گەنجان کراوە، و داوا لە هاوڵاتییان کراوە کە پابەندی بڕیاری هەڵپەساردنی چالاکییەکان بن لە پێناو پاراستنی ئارامیی شارەکەدا.