وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم ڕێکارە یاسایی و سزاییەکان بەرامبەر بەو لایەنانە دەگیرێنە بەر کە بوونەتە هۆی پیسکردنی هەردوو ڕووباری دجلە و فرات، جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرۆکوەزیران فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە خشتەیەکی زمانی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دابنێن.
سروە، وەزیری ژینگەی عێراق، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا کە پیسبوونی ڕووبارەکانی دجلە و فرات گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی، داوای لە سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکانی پەیوەندیدار کردووە کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە دابنێن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕوانگەی "عێراقی سەوز" هۆشداریی داوە کە ژینگەی ئاوی ڕووباری فرات بەهۆی فڕێدانی پاشماوەی پزیشکیی نەخۆشخانەکان، پاشماوەی کشتوکاڵی و ئاوەڕۆکانەوە تووشی پیسبوونێکی قووڵ بووە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر سامانی ماسی و ژینگەی ئاوی دروستکردووە.
وەزیری ژینگە جەختیشی کردەوە کە کۆبوونەوەکان لەسەر پرسی پیسبوونی ئاو زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامن و ئێستا کاتی ئەوەیە لە جیاتی دووبارەباسکردنەوەی هۆکارەکان، کار بۆ جێبەجێکردنی چارەسەرەکان بکرێت.