وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرای کرد، ڕەوشی یەدەگی ئاو لە بەنداو و دەریاچەکانی وڵاتدا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باش و ڕێژەی پڕبوونی بەنداوە سەرەکییەکان لە نێوان ٧٠٪ بۆ ٨٠٪دایە.
خالد شەماڵ، وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، دوای تووانەوەی بەفر و کۆتایی وەرزی بەهار، قەبارەی یەدەگی ئاو گەیشتووەتە نزیکەی ٣٤ ملیار مەتر سێجا؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی بەرز و بەرچاوە.
ئامارەکەی وەزارەت بەم شیوەیە:
کۆگای ئاو: لە زستانی ڕابردوودا یەدەگی ئاو کەمتر لە ٥ ملیار مەتر سێجا بوو (نزمترین ئاست لە ساڵی ١٩٣٤ەوە)، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ٣٤ ملیار مەتر سێجا.
ڕەوشی بەنداوەکان: بەنداوە سەرەکییەکانی وەک مووسڵ، دووکان و دەربەندیخان بە ڕێژەی ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ پڕ بوون.
پلانەکانی ئاینده: هیچ مەترسییەک بۆ دابەزینی یەدەگی ئاو بۆ ئاستی مەترسیدار نییە؛ هەوڵ دەدرێت تا وەرزی زستان زیاتر لە ٢٠ ملیار مەتر سێجا یەدەگ بپارێزرێت.
ڕێکارەکان: سیستەمی نۆبەتکاریی توند جێبەجێ دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی ئاو.