مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست ڕایانگەیاند، بارودۆخی داراییان لەوپەری خراپیدایە و داوا لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەکەن ڕەچاوی ژیان و گوزەرانیان بکات و بارگرانیی لێبڕینی مووچە نەخاتە سەر شانیان.
هیوا سەمەد، نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە دا کە دۆخی مادیی چین و توێژەکەیان ناکرێت پشتگوێ بخرێت و بە دەیان بارودۆخی ناخۆش بەهۆی دواخستنی مووچەکانیانەوە دروست بووە، سەرەڕای ئەوەی کە مووچەکانیان بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ژیانیان ناکات.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست داوای کرد کە بە میکانیزمێک مووچەی گرێبەستەکان پێش بخرێت و هەوڵ بدرێت سەرەتا هەر بڕە پارەیەک کۆکرایەوە بۆ دابینکردنی مووچەی ئەوان تەرخان بکرێت.