توندوتیژی ژمارەیەک پاسەوان، بەرامبەر ژمارەیەک خانەنشین لە بەردەم بانکێکی شاری سلێمانی لە کاتی وەرگرتنی مووچەکانیان، کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت: چوار پاسەوان دەستگیر کراون، پارێزگاری سلێمانیش داوای لێبوردن لە خانەنشینان دەکات.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، پاسەوانەکان هەڵسوکەوتیی نەشیاویان کردووە و هەربۆیە چوار ئەندامی یەکەی بەرگری و فریاکەوتن لەلایەن ئەنجومەنێکی هاوبەشی، دەزگای ئاسایش و یەکەی بەرگری و فریاکەوتن لەسەر ڕووداوەکە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بەپێی دیسیپلین و رێکارەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، دەزگای ئاسایش دڵنیایش دەداتە هاوڵاتیان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ڕاگیراوەکان رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.
هەر لە چوارچێوەی کاردانەوەکاندا هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردوەتەوە، داوای لێبوردن لە خانەنشینان دەکات و جەختیش دەکاتەوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەمتەرخەمەکان دەگیرێتەبەر.
دوێنێ لەکاتی وەرگرتنی موچەی خانەنشینان و دروستبوونی قەرەباڵەغی لە بانکی مەڵکەندی شاری سلێمانی ژمارەیەک پاسەوان توندوتیژیان بەرامبەر ژمارەیەک خانەنشین ئەنجامدا و بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.