قایمقامی کەرکوک ڕایگەیاند، بە بڕیاری دادوەر و بە تۆمەتی گەندەڵی و ئەنجامدانی کاری ناڕەوا، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری کەرکوک و بەرپرسی هۆبەی ڤێتەرنەریی ناحیەی شوان دەستگیرکراون.
ئاڤێستا شێخ محەمەد، قایمقامی ناوەندی کەرکوک بە نووچە تیڤی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گومانیان لە هەبوونی بەهەدەردان و ئەنجامدانی ڕەفتاری پێچەوانەی یاسا لە ڤێتەرنەریی ناحیەی شوان هەبووە، تیمێکی تایبەتی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە پێکبهێنرا، دوای بەدواداچوونی ورد، دەرکەوتووە کە کارگەلێکی نایاسایی و بەدەر لە ڕێنماییە کارگێڕییەکان ئەرکەکانیان ڕاپەڕاندووە.
گوتیشی، بەگوێرەی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، ڕێکاری یاسایی گیراوەتە بەر و بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی ناحیەی شوان لەگەڵ بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی کەرکوک دەستگیرکراون، بەو پێیەی گومانی ڕاستەوخۆیان لێدەکرێت لە دەست هەبوون لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا و ئێستا دۆسیەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەی کۆتایی دادگادایە.